بەیاننامەی گروپی کاری هەمیشەیی بۆ به‌دواداچوون له به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی بواری كاركردنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له عێراق
سەرەڕای ئەو فەزایەی كه دەستووری عێراق بۆ کاری کۆمەڵگەی مەدەنی له مادەی (٤٥) گەرەنتی کردووە، و ماف ده‌دات بە تاکەکان به‌شێوازی جیاواز و له ژێر ناوی جۆراوجۆردا کۆببنەوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی گەشەپێدان و کردەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، به‌ڵام واقیع و جێبەجێکردنەكان یه‌كناگرنه‌وه لەگەڵ ئەوەی لە دەستووردا هاتووە. پابەندبوونە نێودەوڵەتیەکانی عێراقیش بە ڕوونی پاڵپشتی لە مافی کۆبوونەوە و پێکهێنانی کۆمەڵە و سەندیکا و ڕێکخراو و فیدراسیۆنەکان دەکەن.
لە كاتێكدا كاركردن و پێكهێنانی یه‌كێتیه‌كانی قوتابیان و خوێندكاران ڕێ پێنه‌دراوه لە هەموو عێراق، جگە لە هەرێمی كوردستان، به‌ڵام له هه‌رێمیش ئه‌م یه‌كێتیانه كه‌وتوونه‌ته ژێر كۆنترۆڵ و كاریگه‌ری چه‌ند هێزێكی سنوردار و پارته سیاسیه گه‌وره‌كانه‌وه. بابەتەکە بۆ سەندیکاکانی کرێکاران و كۆمه‌ڵه پیشەییه‌كان جیاوازتره. ئەوان كه‌وتونه‌ته به‌ركاریگه‌ری چه‌ندین شێوازی سنورداركردنه‌وه، لەوانە ڕێگری‌کردن لە کارکردنیان لە کەرتی گشتی یان ڕێگری‌کردن لە فرە سەندیکایی لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاو لە سەندیکای كارای کرێکاران هێشتا دانیان پێدا نەنراوە. زۆرێک لە گروپە خۆبەخشەکان لە عێراق كارا و چالاکن، بەڵام لە وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە؛ به‌شێك له‌م گروپانه هێشتا سنورداركراون. هه‌روه‌ها ده‌ستپێشخه‌ری حكومه‌ت هه‌ن بۆ دانانی یاسایه‌ك كه كاری گروپه خۆبه‌خشه‌كان سنووردار بكات و ناچاریان بكات بچنه ناو یه‌ك چوارچێوه‌ی مەركهزیهوه.
لە کاتێکدا کە چوارچێوەیەکی یاسایی و داواكاری هەیە بۆ تۆمارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، ئێمە بە نیگەرانیەوە له كه‌یسی پێشێلكاریه‌كان ده‌ڕوانین و چاودێری ئه‌و پێشێلكاریانه ده‌كه‌ین كه به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو و ڕۆژانه ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌بێته‌وه. جگە له‌مانه‌ش، ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی كه به‌ته‌نها به‌رانبه‌ر هه‌ندێك ڕێکخراو ڕوو ده‌ده‌ن، هەڕەشەن بۆ گۆڕین له چوارچێوەیه‌كی یاسایی ڕه‌سمی و ڕێکخراوه‌وه بۆ كۆمه‌ڵێ ئامرازی سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی.
بەگشتی زۆرێک لە پێکهاتە تازە دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئاڵۆز دەبنەوە کە ڕێگریان لێ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی ڕێك بخه‌ن و كه‌سایه‌تی یاسایی به‌ده‌ست بێنن. مەرج و میکانیزمه‌كانی پرۆسەی تۆمارکردن بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەگەڵ واقیعدا ناگونجێت. فۆرمێکی دیاریکراو لە هه‌یكه‌لیه‌تی ناوخۆیی به‌سه‌ر ئەم گروپانە دەسەپێندرێت و تەنانەت هەندێک جار بابه‌تی هەڵبژاردنی ناو و هه‌یكه‌لیه‌ت و ڕێکخستنی ناوخۆیی ئه‌م ڕێكخراوانه ده‌ستوه‌ردانی تێدا ده‌كرێت و کۆنترۆڵ دەکرێت. ئه‌مه لە کاتێکدایه كه ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی پێشوتر تۆمارکراون بەدەست کێشەی پاراستنی پێگەی یاسایی و کارگێڕیه‌وه دەناڵێنن و به‌ربه‌ستیان بۆ دروست ده‌كرێت.
لە کاتێکدا كه داواكاری و ڕێكاره‌كان زۆرن، له‌هه‌مان كاتدا وەڵامدانەوە و به‌ده‌مه‌وه چوونی بەش و دامه‌زراوه پەیوەندیدارەکان دوادەکەوێت و هەندێک جار بارەگای سه‌ره‌كی ئه‌م دامه‌زراوانه كراوه و به‌رده‌ست نین. بۆ نموونە ئۆفیسی فه‌رمانگه‌ی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی عێراق دەکەوێتە ناوچەی سەوزه‌وه کە ڕێكاری وه‌رگرتنی ڕەزامەندی بۆ سه‌ردانیكردنیشی زه‌حمه‌ته. فه‌رمانگه‌ی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەولێر داوای نوێكردنه‌وه‌ی فه‌رمانی كارگێڕی ساڵانه له‌و ڕێكخراوانه ده‌كات كه پێشتر تۆماركراون، کە ئه‌مه‌ش پێویستی بە هەوڵ و کار و بەدواداچوونی زۆر هەیە؛ هەرچەندە بەدەستهێنانی ئه‌م فه‌رمانه‌ش مسۆگه‌ر نییە! هەماهەنگی لە نێوان فه‌رمانگه‌ی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی بەغدا و هه‌ولێر نیه. ئەمەش دەبێتە هۆی ئه‌وه‌ی كه دوو میکانیزمی جیاواز هه‌بێت، به‌مه‌ش بارگرانی لەسەر ڕێکخراوهكان دروست ده‌بێت و ناچاریان ده‌كات زیاتر له‌جارێك پرۆسه‌ی خۆ تۆماركردن ئه‌نجام بده‌ن.
هەرچەندە زۆرێک لە ڕێکخراوەکان پابه‌ندی مه‌رجه ئاڵۆزه‌كان بوون، بەڵام هێشتا ناتوانن ئازادانه کاربکەن چونکە بەگشتی دەسەڵاتداران هه‌ندێك ڕێكاری زیاده‌یان سه‌پاندووه لە شێوەی داواکردن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەمنی یان کارگێڕی پێشوەختە بۆ ئەنجامدانی هەندێک چالاکیی و جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك به‌رنامه. هەروەها دامه‌زراوه و هێزه ئەمنییەکان هەندێک لە كارمه‌ندان و چالاکانی ناو ڕێکخراوەکان هەراسان دەکەن. حاڵەت هەبووە کە هەندێک ڕێکخراو داوایان لێكراوه کەسێک یان چەند کەسێکی دیاریكراو ته‌وزیف نه‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كه‌سانه چالاكی مه‌ده‌نیان ئه‌نجامداوه و داكۆكیكاری مافه‌كانی مرۆڤ بوون. بۆ نموونە لە 25ی حوزەیرانی 2022، وۆرک شۆپێک کە لەلایەن کۆمەڵەی ئەلفیردهوس لە بەسرە بەڕێوەچوو، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە هێرشی کرایە سەر و بەبێ هۆکار چالاکییەکەیان ڕاگرت.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە نزیکن لە بزووتنەوەی مەدەنی ناتوندوتیژیهوه، ئه‌وانه‌ی كه ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوای چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکەن، لە زۆر حاڵەتدا هەڕەشەی خستنە ناو لیستی ڕەش یان داخستنی بەبێ هۆکاری یاساییان لێ دەکرێت. ئه‌مه له‌كاتێكدایه کە عێراق پێشتر ڕێككه‌وتننامه‌ی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی واژۆ کردووە، کە ئازادی گردبوونەوە و بەشداریکردن لە کاروباری گشتیدا مسۆگه‌ر ده‌كات.
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی نێودەوڵەتی و عێراقی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم واقیعە گردبوونەوە،و داوایان لە ڕێکخراوه ناوخۆیی و نێودەوڵەتیه كاریگه‌ره‌كان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەنگاو بنێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی سنووردارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەستپێشخەریی مەساحە (فەزا بە عەرەبی) – یان ڕاگه‌یاند کە گروپێکی کاری هەمیشەییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی فەزای کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراقدا.
گروپەکە تیشک دەخاتە سەر چاودێریکردنی فه‌زای کاری کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق بە ئامانجی دەستنیشانکردنی پێشێلکاری و هەڕەشەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی، هه‌روه‌ها داکۆکیکردن و پاڵپشتیكردن لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی کارکردن و جێبەجێکردنی ئەرکە دەستوورییەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ ئاستەنگ و به‌ربه‌ستێك دانه‌نرێت بۆ سنووردارکردنی کاری کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادی كاركردنیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان.
مه‌ساحه گروپێكی كاری كراوه‌یه بۆ له‌خۆگرتنی سه‌رجه‌م ئه‌كته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كه له عێراق كارده‌كه‌ن یان په‌یوه‌ندیدارن ، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه گرنگی پێدانیان هه‌یه و ئاره‌زوومه‌ندن ده‌توانن به‌شداری له‌م بزوتنه‌وه‌یه بكه‌ن بۆ به‌رگریكردن و ڕه‌خساندنی فه‌زایه‌كی سه‌لامه‌ت بۆ كاری كۆمه‌ڵگایی له عێراق. گروپه‌كه به‌شێوه‌ی ده‌وری ڕاپۆرتی به‌ڵگه‌سازی ده‌رده‌كات و كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیدار و كاریگه‌ره‌كان ئه‌نجام ده‌دات له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی گروپه‌كه.
ئه‌گه‌ر تۆ یاخوود ڕێكخراوه‌كه‌ت ئاره‌زوومه‌ندی بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداربیت له‌گه‌ڵمان، ده‌توانیت په‌یوه‌ندیمان پێوه بكه‌یت له ڕێگای ئیمه‌یڵی: masaha.iq@protonmail.com