کەمپینی دیجلە ڕزگار بکەن ڕاپۆرتێکی نوێ بڵاودەکاتەوە لەسەر بەنداوی مەکحول

ئەمستردام، حوزەیرانی ٢٠٢٢

حکومەتی عێراقی هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ تەواوکردنی بەنداوی مەکحول. ئەم پرۆژە ئاویە لەسەر ڕووباری دیجلە دروستدەکرێت ٢٣٠ کیلۆمەتر لە باکوری شاری بەغدادەوە، دەکەوێتە نێوان سەرچاوی زێی بچوك و گوندی ئەل خەزرانیە کە دەکەوێتە باکوری قەزای شەرقات. 

کاروباری بنیاتنان بەرەوپێش دەچێت و وەزارەتی سەرچاوە ئاویەکان ٨٠ یەکەی نیشتەجێبوونی دروست دەکات بۆ ئەو ئەندازیار و کەسانەی کە کار لەسەر پرۆژەکە دەکەن. بەنداوەکە دروست دەکرێت سەرباری ئەوەی کە عێراق پێویستی بە بەنداو و کۆگای ئاوی دیکە نیە. ئەمەش دووپاتکراوەتەوە لە “ستراتیژی سەرچاوە ئاوی و وشکانیەکانی عێراق” کە بە ناوە کورتکراوەکەی دەناسێندرێت SWRLI  کە لەسەر داوای حکومەتی عێراقی لە ساڵی ٢٠١٥دا خراوەتەڕوو.

پێشبینی دەکرێت دروستکردنی بەنداوی مەکحول کۆگایەکی ئاوی دروستکات بە درێژی ٣٢٢٧ بۆ ٣٦٠٠ مەتر. ڕێژەی پێشبینیکراو بۆ کۆکردنەوەی ئاو ٣ ملیار مەتر چوارگۆشەیە و تێچووەکەشی ٣ ملیار دۆلارە. بەگوێرەی حکومەتی عێراقی، کۆگاکردنی ئاو بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کشتوکاڵ و ڕێگریکردن لە لافاو بەکاردێت. بنیاتنانی بەنداوەکە لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکی کۆنە کە دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠ ساڵ لەمەوپێش، لەو کاتەوەی کە نەخشە دانراوە بۆ بەنداوەکە لەسەردەمی سەدامدا لە سەرەتاکانی ٢٠٠٠ەکاندا.

تاوەکو ئێستا کاریگەریەکانی بەنداوەکە پشتگوێدەخرێت لەلایەن کەسانی خاوەن بڕیارەوە سەرەڕای چەندی ڕەخنە و ناڕازیبوون لەلایەن شارەزایانی عێراقی و نێودەوڵەتیەوە. ئەم ڕاپۆرتە ئامانجی ئەوەیە چاودێریەکی ورد بکرێت بۆ تێچووی بەنداوەکە لەگەڵ سود و قازانجە پێشبینیکراوەکانی، لەڕێگەی ئەنجامدانی خوێندنەوەیەك بۆ کاریگەریە ژینگەیی و کلتوریی و کۆمەڵگاییەکانی بەنداوەکە بە لەبەرچاوگرتنی ڕووە تەکنیکیەکانی. ئەم ڕاپۆرتە بەرهەمی کاری مەیدانیە لە ناوچەی بنیاتنانی بەنداوەکەدا لە ساڵی ٢٠٢١دا، کە تیایدا چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند سەرچاوەیەك و ئەو کۆمەڵگانە کراوە کە کاریگەری بەنداوەکەیان لەسەرە، لەگەڵ پێداچوونەوە بۆ ئەو داتا و زانیاریانەی هەن دەربارەی بەنداوەکە و کاریگەریەکانی.

گەرهاتوو حکومەتی فیدڕاڵی عێراقی بەردەوامبێت لە بنیاتنانی بەنداوی مەحکول، ئەوا دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی سیستەمی ژینگەیی و ژینگەی چواردەوری بەنداوی مەکحول. بە نوقمکردنی ناوچەکانی سەرەوەی ڕووبارەکە و کەمکردنەوەی ڕێژەی ئاوی هاتوو بۆ خوارەوەی ڕووبارەکە، کە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەندروستی ئاوەکە. هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەمەجۆری زیندەیی بە درێژایی ڕووباری دیجلە و ناوچەکانی ئەهوارەکانی باشوری عێراق. بەنداوی مەکحول زیانی زیاتریشی دەبێت و زیان دەگەیەنێت بە ئەو ناوچانەی کە لە لیستی کەلەپوری جیهانیدا هەن وەکو شاری ئاشور و گشت شاری کار تیکولتی نینۆرتا دەخاتە ژێر ئاوەوە. هەروەها زیا لە ٢٥٠  ناوچەی شوێنەوار دەسڕێتەوە، سەرەڕای ناڕەزایی وەزارەتی کلتوری عێراقی و UNESCO. لە هەمان کاتیشدا، بەنداوی مەکحول دەبێتە هۆی ئەوەی ١٠٠،٠٠٠ کەس بژێوی ژیانیان و شوێنی نیشتەجێبوونیان لەدەست بدەن لە ٤٠ کۆمەڵگای جیاوازەوە کە دەکەونە پارێزگای سەڵاحەدین و کەرکووکەوە، کە زۆرینەیان تازە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان تاوەکو ژیانیان پێکەوە بنێنەوە دوای چەندین ساڵ لە ئاوارەبوون. هەرچەندە سەختە هەڵسەنگاندن بۆ کاریگەریە ئەرێنی ونەرێنیەکانی بەنداوەکان بکرێت، چونکە تێچووی داهاتووی بەنداوەکە دەکرێت زۆر زیاتربێت لە قازانج و سودە پێشبینیکراوەکان.

پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکە:

  1. وەستاندنی بنیاتنانی بەنداوی مەکحول لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باسکراون و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە و کلتور و کۆمەڵگە و ئابوری.
  2. هەنگاونان بەرەو دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ بەنداوەکان، وەك بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی ئاودان و بەکارهێنانی شێوازی نوێ بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوەی ئاوی وەکو كۆکردنەوەی ئاوی باران و دوبارە بەکارهێنانەوەی ئاوە بەفیڕۆدراوەکان و تەکنیکی تری هاوشێوە.
  3. گرنگیدان بە گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تاوەکو ڕێکەوتن بکرێت لەسەر بڕی شایستەی سەرچاوە ئاویەکان بۆ هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات.
  4. گرنگیدان بە گفتوگۆکردن لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان وکاربکرێت بۆ ئامادەکردنی نەخشەیەکی پارێزگاریکردنی دوورمەودا بۆ ڕووبارە عێراقیەکان.
  5. سوودوەرگرتن لە شآرەزایان و کەسانی لێهاتووی ناوخۆ بۆ ئەوەی کاری هەڵکەندن ئەنجامبدەن لە ناوچە شوێنەوارەکاندا لە ناوچەی بەنداوەکە، سەرەڕای ئەوەی بەنداوەکە دروستبکرێت یاخود نا.

کەمپینی دیجلە ڕزگار بکەن بڕوای وایە کە ئاو سەرچاوەیەکە کە خاوەنداریەتی ناگەڕێتەوە بۆ هیچ وڵات و نەتەوە و سێکتەرێك. لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە، کەمپینی دیجلە ڕزگار بکەن کەمپینی بەرەنگاری ئەنجام دەدات دژی دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو و داریان و بەنداوی گەورەی دیکە لە عێراق و ناوچەکە بۆ پاراستنی کەلەپوری ژینگەی کلتوری ڕووباری دیجلە، و بانگەشە دەکات بۆ بەکارهێنانێکی یەکسان و بەردەوام بۆ ئاوەکان بۆهەمووان.

گشت ڕاپۆرتەکە بخوێنەرەوە

————————————-

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ڕاپۆرتەکە پەیوەندی بکە بە کەمپینەکەوە لەڕێگەی:

جەیمس بۆگ | دیجلە ڕزگار بکەن – هۆڵەندا | 36763924 6 31+

ئیمەیڵ: coordinator@savethetigris.org  

و

سەلمان خەیڕڵا | حومات دیجلە – عێراق| 6372 678 780 964+

ئیمەیڵ: humat.dijlah@gmail.com