ئۆپەراسیۆنی “چنگی – قفڵ” بووەستێنن

لە ١٧ی نیساندا، هێزەکانی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیان ڕاگەیاند بەناوی “چنگی – قفڵ” لە ناوچەکانی ئاڤەشین، زاپ و مەتینا لە قەزای ئامێدی لە کوردستانی عێراق. لە ئێستادا هەلیکۆپتەرەکان دەفڕن بەسەر ناوچەکانی دێرەلوك و شیلادزێ و بۆمببارانی ناوچە شاخاویەکان دەکەن. بۆ چەندەها ساڵە هاوڵاتیانی ناوچەکانی سنورەکانی باکوری کوردستانی عێراق ترسیان هەیە لە هێرشی سەربازی سوپای تورکیا. پێش ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە، تورکیا زیاد لە ٥٠ جار گوندەکانی شیلادزێ، دێرەلوك و کانی ماسی بۆمبباران کردووە. هەروەها چەندەها سەربازی تورکیا بە هەلیکۆپتەر نێردراون بۆ ناوچە شاخاویەکانی نێروە و ڕێکان. لەم چەند ساڵەی دواییدا دانیشتوانی ناوچەکە ڕووبەڕووی چەندەها بۆمبباران کردن بوونەتەوە کە بووەتە مایەی زەرەر و زیان، برینداربوون و مردن و هەرگیزیش قەرەبوو نەکراونەتەوە. سەرەڕای ئەمانەش، توندووتیژیەکانی تورکیا زیانی دەروونیش دەگەیەنێت، کە بۆ ماوەی چەندەها ساڵە بەردەوامە. ئەو خێزانانەی بۆ چەندەها نەوەیە لەم ناوچانەدا دەژین ناچاردەکرێن کە شوێنەکانیان جێبهێڵن، چونکە تادێت باری ئارامی و سەقامگیری گوندەکان خراپتر دەبن و ئەم دۆخەش وایکردووە مەحاڵبێت کە ژیانێکی شایستەیان هەبێت. سەرەڕای ئەمەش چەندین خێزان لە گوندەکان ماونەتەوە سەرەڕای ترس و سەختی گەیشتنیان بە خاکەکانیان بە مەبەستی کشتوکاڵکردن، بەردەوامیش فشارێکی زۆریان لەسەر بەهۆی بۆمببارانکردنەوە. وەکو کۆمەڵێك ڕێکخراوی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بڕیارمانداوە ئەم بەیاننامە هاوبەشە بڵاوبکەینەوە بۆ ئیدانەکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا. پارێزراوی گیانی هاوڵاتیان و ئەو زیانانەی بەر ژینگە دەکەوێت بەهۆی بەردەوامبوونی ئەم هێرشانەوە خەمێکی گەورەی ئێمەیە. ئەم ئۆپەراسیۆنە هیچ نیە جگە لە توندوتیژی بەرامبەر هوڵاتیانی مەدەنی. بەم هۆیەوە داوا دەکەین کە دانیشتوانانی مەدەنی بپارێزرێن لەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیە نوێیە و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و قەرەبوکردنەوە دابینبکرێت. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین کە چاودێری ئەو دۆخە بکەن کە لە سنورەکانی کوردستانی عێراق دەگوزەرێت. داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە ڕاستەخۆ بۆمبباران کردن بووەستێنێت. داوا لە تورکیا دەکەین کە دیبلۆماسیەت و گفتوگۆی ئاشتی دەستپێبکات بۆ ڕەواندنەوەی ململانێکانیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). داوا لە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ڕێکاری کاریگەر بگرێتەبەر بۆ زامنکردنی پارێزراوی گیانی هاوڵاتیانیان. لە ئۆکرانیاوە تا ئەفغانستان، یەمەن تا عێراق و چەندەها وڵاتی دیکەش، کاتی ئەوەیە جەنگ بووەستێندرێت!

گەر دەتەوێت زانیاری نوێ بەدەستبهێنیت دەربارەی دۆخەکە و یان بەشداری بکەیت لەم کەمپینەدا ئەوا نامە بنوسە بۆ

endcrossborderbombing@gmail.com

یاخود فۆڵۆوی لاپەڕەکەمان بکە لە فەیسبووك: https://www.facebook.com/End-Cross-Border-Bombing-in-Iraqi-Kurdistan-183751926554125

کەمپینی ڕاگرتنی بۆمببارانکردنی سنورەکان

Community Peacemaker Team