ترس لە نەمانی زێی بچوک لە ساڵی 2030 دا

ئاستی ئاو لە زێی بچوکدا لە ڕۆژێکدا 5 سانتیمەتر کەم دەبێتەوە، کە لە ماوەی هەفتەیەکدا بانکەکانی ڕووبارەکە بە 30 سانتیمەتر کەم دەبێتەوە، ڕووباری زێش لە 80٪ ئاوی لە چیاکانی مەهاباد و سەردەشت و پیرانشار لە ئێرانەوە دەست دەکەوێت، سەرەڕای وشکەساڵی و کەمبوونی ئاو، دەسەڵاتدارانی ئێران جار جارە ڕێگری لە هاتنی ئاو بۆ زێیەکە دەکەن.

مەعروف محەمەد، ئەندازیاری ئاو، وتی:”ماوەی 10 ڕۆژە بە بەردەوامی چاودێری ئاستی ئاوەکە دەکەین، ئاستی ئاوی ڕووبارەکە ڕۆژانە 5 سانتیمەتر دادەبەزێت، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئاستی ئاوەکە 35 سانتیمەتر دابەزیووە، کە لەساڵانی ڕابردوودا دیاردەی لەم جۆرە هەرگیز بەدی نەکراوە”.

زێی بچوک بە ڕێژەی لە 20٪ پشت بە ئاوی چیاکانی قەندیل دەبەستێت لە کوردستانی عێڕاق، ڕووبارەکە 150 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و سێ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی ئاو دەدات، و ە بۆ 400 پرۆژەی  پەروەردەکردنی ماسی پشتی پێبەستراوە.

زێی بچوک بە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە دادەنرێت بۆ بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەڕین و پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و چەمچەماڵ و دوزخورماتوو.

محەمەد حسێن، بەرپرسی بەشی ئاوی قەڵا دزێ، ڕایگەیاند: “لە ساڵی 2030 دا شتێک بە ناوی زێی بچوکەوە نامێنێت، ئەگەر پەلەنەکرێت لە تەواوکردنی بەنداوی داڵکێ کە لە ساڵی 2017ەوە داوای دروستکردنیمان کردووە و هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ کردووە، ڕووبەڕووی کێشەی بواری کشتوکاڵ و کارەبا و ئاژەڵداری دەبینەوە، هەروەها کێشەی ئاو خواردنەوەش بە بەردەوامی درێژە دەکێشێت”.

ڕووداو  سەردانی زێی گەورەی کرد لە بارزان،کە ئاوی لە ڕووباری شێنە و ڕۆکۆجیک و کونمارەوە ئاوی دەست دەکەوێت و هیچ بەنداوێکی لەسەر دروست نەکراوە.

غەفور ئەحمەد قایمقامی قەزای مێرگەسوور بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ” لە سەرەتای مانگی تەمموزدا ئاستی ئاو لەهەر سێ ڕووبارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، وەک ئەوەی لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا ڕوویدا، ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە، هەرچەندە ئەو سێ بەنداوەی کە حکومەتی عێراق و تورکیا ڕێککەوتوون دروستی بکەن لەسەر زێی گەورە دەستی پێنەکردووە، بێ گومان ئەمە لە ساڵانی داهاتوو ڕووبەڕووی کێشەی بێ ئاویمان دەکاتەوە”.

لە ناوچەی باڵەکایەتی، بەفر و کانیاوەکان پێنج ڕووباریان پێکهێناوە، بەهۆی کەمی بارینی بەفر و بارانەوە ئاستی ئاو بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو دابەزیوە، کە ئەم پێنج ڕووبارە بەبێ هیچ بەنداو و بەربەستێک دەچنە ڕووباری دیجلەوە.

شێروان شەریف پسپۆڕی هایدرۆلۆجی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: “بێ گومان مەترسیەکی گەورە دروست دەبێت ئەگەر بەردەوام بین لە گوێپێنەدان بە ئاو، دەبینین هەفتانە ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، ڕەنگە کاریگەری دابەزینی ئاوەکە بەشێوەیەکی بەرچاو نەبێت بۆ ناوچە شاخاوییەکان، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات کێشەکە بەرەو خراپتر دەڕوات 

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان دا هەشت بەنداو هەیە، کە توانای 87 ملیۆن و 47 هەزار مەتر سێجای هەیە، ئەو هەشت بەنداوە سەڕەڕای سوود گەیاندن بە شارەکانی هەرێم سوودی گەورەش بە ناوەڕاست و باشوری عێڕاق دەگەیەنێت.