دوای داوەتنامەیەک لە لایەن حکومەتی عێراقی، یەکێتی ئەوروپا بڕیاری ناردنی وەفدێک دەدات بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق

جۆزێب بورێل ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی دووشەممە 21ی حوزەیران، پشتیوانی یەکێتی ئەوروپای بۆ عێراق لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دووپاتکردەوە. بورێل وتی:”دوای داوەتنامەیەکی حکومەتی عێراقی، یەکێتی ئەوروپا بڕیاری دا کە ئەرکی چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێڕاق بگرێتە ئەستۆ”، هەروەها ووتیشی کە شاندی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق جەختی لە پشتیوانی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دووپات کردۆتەوە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر ئەنجام بدرێت، تاوەکو عێراقییەکان ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواوی گشت سەروەرییەکانی عێراق.

حسێن، وتیشی:”حکومەتی ئێستا یان هەر حکومەتێکی داهاتوو لە ڕێگەی ئەم هەڵبژاردنانەوە پێویستی بە شەرعیەتێکی باڵا دەبێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە هەڵبژاردن دەبێت بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچێت”.

ڕۆژێک پێشتر حوسێن لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کاروباری دەرەوەی سەرجەم وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپادا، لە شاری لۆکسمبۆرگ چاوی بە سیگرید کەج وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا کەوت. حسێن، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “عێراق بە پەرۆشە بۆئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و دەڕوانێتە پشتگیری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بۆ یارمەتیدان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بۆ مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە”.

وتیشی:” کە حکومەتی عێراق پابەندە بە پێوەرەکانی مافی مرۆڤەوە و بەدوای هاوکاری کردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە لەم بارەیەوە، وە گفتوگۆ کراوە بە ئامانجی لابردنی عێراق لە لیستی وڵاتانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە لە لیستی مەترسیەکانی سپیکردنەوەی پارە دان و پشتیوانی مادی تیرۆریستان دەکەن، هەروەها وەزیر بەڵێنی دا کە بەدواداچوون بۆئەو فایلە بکەن، وە بەدواداچوون و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بارەی ئەم پرسەوە بکەن”

لە لایەکیترەوە، هایکو ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند وڵاتەکەی عێراق بە پێگەیەکی” زۆر گرنگ بۆ تەواوی ناوچەکە” هەژمار دەکات، وە هانی سەرکردەکانی بەغداش دەدات بە تێپەڕاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەوپەڕی شەفافییەت و دیموکراسییەوە.

بڕیارە لە بەرواری 10ی تشرینی یەکەم، عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان ئەنجام بدات، کە یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران بوو کە چەندین مانگ خۆپیشاندانی جەماوەرییان بۆی ئەنجامدا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 وە دەستی پێکرد.

لە مانگی ئایاردا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ وەفدی یەک ساڵەی ئەرکی یارمەتیدانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق نوێ کردەوە، و جینین هێنیس- بلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان مۆڵەتی دا بە دەستەبەرکردنی “تیمێکی بەهێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ستافی یەدەکدا، لە پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق لەگەڵ ڕووماڵکردنی فراوانی جوگرافی ناوچەکە بە پێی توانا”.

وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق ڕۆژی پێنج شەممە گوتی کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە عێڕاق داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە چاودێری بەرەوپێشچوونی ئامادەکاریی هەڵبژاردنەکان بکەن، لە کاتێکدا وڵاتەکە ئامادەکاری بۆ دەنگدانێکی سەرتاسەری لە مانگی تشرینی یەکەم دا دەکات. هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە وڵاتێکدا کە شەڕی تێدابوو، بە گومانی ساختەکاریی لە دەنگدان و گەندەڵی کردن وە ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە بوونی سەرپێچی لە چەندین پارێزگا و شاردا دەکات.

زیاتر لە 5 هەزار چاودێری کۆمەڵگەی مەدەنی و 7 هەزار چاودێری نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان بەشدارییان لە پرۆسەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا کرد، بۆ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە نێوان بەرواری 2 ی کانوونی دووەم تا 2 ی نیسان .