بانگەواز لە پێناو هاوبەندی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین لە عێڕاق

٢٤ ی حوزەیرانی ٢٠٢١

کەمپینی ” پارێزەرانی مافی مرۆڤی عێراقی لە ئێستادا بپارێزن !” پشتیوانی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری دەکات لە سەرانسەری عێڕاق دا .

لە ئێستادا ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەژێر هەڕەشەدایە. چالاکوانانی بادینان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لەسەر ڕەخنەگرتن لە سەرکاری حکومەت سزادران کە پێکهاتبوون لەهەر یەک لە شێروان شێروانی، هەریوان عیسا، گۆهدار زێباری، شڤان سەعید و ئەیاز کەرەم، کە هەموویان لەلایەن دادگای تاوانی هەولێرەوە حوکمدران لە بەرامبەر پراکتیزەکردنی مافەکانیان لە ئازادیی ڕادەربڕیندا.

لە سەرەتادا هیواخواز بووین کە دادگەی تێهەڵچوونەوە بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە یان سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێڕاق نێچیرڤان بارزانی بڕیاری لێبوردنی گشتییان بۆ دەربکات، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەک نەبووە، وە ترسی ئەوەشمان هەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا سزای زیندانی کردن بۆ زیندانیانی دیکەی بادینان دەربکرێت.

ئەندامی خێزانی یەکێک لە چالاکوانەکان ڕووبەڕروی هەڕەشە بۆوە  لە دوای لێدوانێکی بۆ میدیاکان و ڕەخنەگرتنی لە بڕیارەکەی دادگە، پاشان لە ترسی گیانی خۆی لە دوای ئەوەی هەڕەشەی کوشتنی لێکرا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ناچاربوو  هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەجێ بهێڵێت.

بێجگە لەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانە کە سزادراون، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای دهۆک نۆ چالاکوانی دیکە دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لەهەریەک لە عامر خالید، فرسەت ئەحمەد، سلێمان کەمال، جەمال خەلیل، سلێمان موسا، مەسعود عەلی، شیروان تەها، کارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب. کە بڕیارە لە 5 و 12ی تەموز دا لە دادگەی تاوانەکانی هەولێر دادگەیی بکرێن.

ئەو ڕێکخراوانەی بەشداری کەمپینەکەمان دەکەن وەک چاودێران ئامادەی دادگاییکردنەکە دەبن. وە بانگهێشتی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین لەکاتی دادگاییکردنەکەدا ئامادەبن بۆ مسۆگەرکردنی حوکمێکی دادپەروەرانە.

لە ڕابردوودا دوو بەیاننامەمان لەسەر دۆسیەی چالاکوانانی بادینان لە هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاو کردەوە. بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر  دەربارەی کەیسەکانیان، دەتوانن خوێنەری ئەم بەستەرانە بن:

Statement: “Protect Iraqi Human Rights Defenders NOW!”

Freedom of Expression Under Attack in KRI Government Court

پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەستەبەری مافە بنەڕەتیەکانی ئەو هاونیشتیمانیانە بکات کە کار بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن .

ئێمە لەگەڵ بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان و لە تەواوی عێراقدا ڕادەوەستین !

دەنگمان بۆ ئازادی ڕادەربڕین بەرز دەکەینەوە !