ڕاپۆرتی خولی سەنتەری کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبەرامبەر پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دا

پێشیلکارییەکان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوونە، بەتایبەتی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادی کۆمەڵە ئاشتییەکان، ئەمەش لە دوای پەسەندکردنی بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوە بە سزای شەش ساڵ زیندانی کردن بۆ پێنج لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادیناندا. سەنتەری کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ لەم ڕاپۆرتە خولیەی دا هەستاوە بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر هەندێک لە حاڵەتە پێشێلکارییەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی عێڕاق.

پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئایاز کەرەم بەرزنجی خەڵکی پارێزگای دهۆکە، مامۆستا و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەریوان عیسا محەمەد لە قەزای سیمێڵ، ڕۆژنامەنوس گۆهدار محەمەد ئەمین زێباری سەر بە قەزای ئاکرێ، و ڕۆژنامەنووسی ئازاد و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی شێروان ئەمین شێروانی خەڵکی هەولێر، شڤان سەعید عومەر  دۆسکی لە پارێزگای دهۆک.

لەگەڵ دەستگیرکردنی چەندین خۆپیشاندەر و چالاکوانانی دیکە و دادگەی کردنیان لە هەرێمی کوردستان دا.

لە 17 ی ئابی 2021 دا یەکەم دانیشتنی دادگەی کردنی مامۆستا و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەدەل عەبدولباقی بەرواری ( وێنەی 1 ) دەست پێدەکات، دوای ساڵێک لە دەستگیرکردنی لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوکارانی دیکەی بەهۆی پشتگیری کردن و بەشداریکردنیان لە گرتبوونەوەی فەرمانبەران بۆ داواکردنی مووچەکانیان وە دیاریکردنی ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەی خراپی باری بژێوی هاوڵاتیان و نەهێشتنی گەندەڵی و باشترکردنی خزمەتگوزاریە گشتییەکان.

لە 25 ی نیسانی 2021 دا هێزەکانی ئاسایش ( ئاسایشی ناوخۆ ) 55 خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد، کە ئیدانەی هێرشەکانی تورکیایان دەکرد بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەنێویاندا ڕۆژنامەنووس ڕێباز حەسەن ( وێنەی 2 ) ، پەیامنێر و وێنەگری ئاژانسی فورات نیوز. کە هەموویان لە 28 ی نیسانی 2021 ئازاد کران. ڕاپۆرته خۆجێییه باوەڕپێکراوه کان جەختیان کردەوه که بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکراون.

ڕۆژی 3 ئایاری 2021، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی کاروخ عوسمان چالاکوانی سیاسییان دەستگیرکرد و تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ڕوون نییە ،کاروخ دانیشتووی ناحیەی قەسرێی سەر بە پارێزگای هەولێرە .

لە 3 ئایاری 2021سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لەمافی ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند 49 پێشێلکاری بەرامبەر بەرۆژنامەنوسان لەهەرێمی کوردستان تۆمارکراوە. ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕەحمان غەریب (وێنەی 3 )کە پارێزەری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند؛ ” 49 توندوتیژی ڕوویداوە دژی 36 ڕۆژنامەوان لە هەرێمی کوردستان لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا”.

لە بەرواری 16 ی ئایاری 2021 دا، نووسەرو ڕۆژنامەنووس هێمن باقر ( وێنەی 4 )، سەرنووسەری گۆڤاری دیبلۆماتیک، دوای بانگ کردنی لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیاری لەسلێمانی ، لەسەر سکاڵایەک کە لە دژی تۆمارکرابوو لە لایەنێکی حیزبییەوە لە پارێزگای هەولێر، لە بەرامبەر ئەوەی گۆڤارەکەی فایلی گەندەڵی بڵاوکردبووەوە کە پەیوەندی بەکار و ئەدای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو . پاشان بە بڕی چوار ملیۆن دیناری عێڕاقی بە کەفالەت ئازادکرا لە هەمان ڕۆژدا، تا کاتی یەکەم دانیشتنی دادگەیی کردن.

لە 11 ی ئایاری 2021 دا ، هاووڵاتییەکی لاو بە ناوی محەمەد جبرەئیل حەسەن عومەر ( وێنەی 5 ) لە شاری شیلادزی سەر بە پارێزگای دهۆک، بە تۆمەتی هاوکاری بازرگانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیر کرا و تا ئێستا ئازاد نەکراوە. ئەندامانی خێزانەکەی رایانگەیاند، کە لە زیندانی ئاسایشی پارێزگای دهۆک راگیراوە و هیچ تۆمەتێکی فەرمی لەسەر نەگیراوە و نەدراوەتە بەردەم دادگە، لەهەمان کاتدا دەسەڵات رێگە بە سەردانی کردنی یاخود دانانی پارێزەرێک بۆ کەیسەکەی نادات.

دادگەی لێکۆلینەوەی پارێزگای هەولێر لە 17 ی ئایاری 2021 دا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نوسەر و ڕۆژنامەنوس ” ڕێبوار کەریم وەلی ” دەرکرد ( وێنەی 6 ) ، کە وەک پێشکەشکاری سیاسی بۆ کەناڵی ئاسمانی ( ڕووداو) کاری دەکرد ، بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی پەیوەندیەکانی و هاندانی هاوڵاتیان بۆ شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ  لە ڕێگەی پۆستێکی فەیسبوکەوە. دادگە داوای لەسەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان کرد کارتی ئەندامێتی لە ڕێبوار وەربگرێتەوە ئەگەر ئەندامی سەندیکایە ، بەپێی نوسراوێکی دادگە کە بۆ سەندیکای ڕۆژنامەنوسان نێردراوە، کە کۆپیەکی دەستی سەنتەری کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ کەتووە. ئەوەی شایانی باسە ڕێبوار ماوەی ساڵێکە کوردستانی بەجێ هێشتووە و لەئێستادا لە سوید دەژی.

لە 30 ی ئایاری 2021 تیمێکی ڕاگەیاندنی کەناڵی ئاسمانی NRT کوردی کە لەنێویاندا پەیامنێر سەباح سۆفی تێدابوو ( وێنەی 7 ) ، لەلایەن گروپێکی پێشمەرگەوە بەسەرە تفەنگ لێیاندرا بۆ ڕێگری لێکردنیان لەئەنجامدانی کاری پیشەیی خۆیان لەڕووماڵکردنی خۆپیشاندان کە لەلایەن گروپێکی تری لیوای 3 ی پێشمەرگەوە کە سەر بەلیوای ( 12 )ن ئەنجامدرابوو . خۆپیشاندەران هەستان بە چاکردنەوە و پاراستنی کەلوپەلی ڕاگەیاندنەکان، کە هێرشکەران هەوڵیاندا دەستی بەسەردا بگرن.

لە ڕۆژی 31 ی ئایاری 2021 دا ، هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دکتۆرە باخان ئازادیان دەسگیرکرد (وێنەی 8) ، دوای ئەوەی هەستا بە بڵاوکردنەوە و ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی کەرتی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە، وە باسکردنی جدی نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە پێدانی خزمەتگوزاریی تەندروستی نموونەیی بە هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە. لە بەرواری 3 ی حوزەیران 2021  دکتۆرە باخان لەزیندانی ئاسایشی شاری سلێمانی بوو پاشان بە کەفالەت ئازادکرا ، و لە هەمان ڕۆژدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی ئەنجامدا کە تیایدا ڕایگەیاند لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە کە بەزۆر ناچار کراوە شارەکەی بەجێ بهێڵێت، لە 05 ی حوزەیرانی 2021 دا بەهۆی بەردەوامی ئەو هەڕەشانەی لەسەری بوو کۆچی کرد بەرەو پارێزگای هەولێر.

لەبەرواری  04 ی حوزەیرانی2021 دا، تیمێکی ڕاگەیاندی NRT لەکاتی ڕووماڵکردنی ئاگری کامپی (شاریا)ی پەنابەران سەر بە پارێزگای دهۆک، دەست گیرا بەسەر کەلوپەلەکانیانداو دواتر بۆیان گەڕاندنەوە و ڕێگرییان لێکردن بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە، کە 370 چادری سەر بە 184 خێزانی 994 کەسی سوتابوو،  سەرەڕای بوونی زیانی مادیی و سوتانی بەڵگەنامە کەسییەکان.

ڕاسپاردەکان

سەنتەری کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە سزای ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنووسەی بادینان هەڵوەشێنێتەوە، هەروەها داوای ئازادکردنی دەستبەجێ بۆ هەموو دەستگیرکراوان لە چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، و ڕۆژنامەنووسان وە هەموو ئەوانە دەکات کە دەستگیرکراون لەبەرامبەر ئازادی ڕادەربڕینیان. دەسەڵاتداران دەبێت پابەندبن بە پێشێل نەکردنی دەستورەوە بەرامبەر ئازادییە گشتییەکان، لەوانەش ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری .