فڕۆکەکانی تورکیا دوو هێرشیان لە نزیک گوندێکی قەزای ئاکرێ لە دهۆک ئەنجام دا

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا دوو هێرشی یەک لە دوایی یەکیان لە نزیک گوندی میمبەری لە ناحیەی دینارەی سەر بە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک ئەنجام دا.

بەڕێوەبەری ناحیەی دینارە ، شەعبان بەری ، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ، فڕۆکەکانی تورکیا لە کاتژمێر  ١٤:٢٧ و ١٤:٤٥  بۆمبارانی ناوچەیەکی ئاوەدانیان کرد کە ٢ کم لە گوندی میمبەری دور بوو .

دەربارەی زیانەکان بەڕێوەبەری ناحیەکە ڕایگەیاند کە بۆمبارانەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە ، بەڵام ترسێکی زۆری لای هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دروست کردووە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆمبارانی دەوروبەری یەکێک لە گوندەکانی نزیک ناحیەی کانی ماسییان کرد لە پارێزگای دهۆک، کە خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبوو.

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی سەربەست سەبری بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، فڕۆکەیەکی تورکی لە کاتژمێر ٦:٣٠ ی ئێوارەی پێنجشەممە (١٥ی نیسانی ٢٠٢١) دەشتەکانی دەوروبەری گوندی جیلکی بۆردومان کرد، هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەو هێرشەی تورکیا هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووە، بەڵام بووەتە هۆی ترس و تۆقاندنی دانیشتوانی ناوچەکە، لەگەڵ بوونی زیانی ماددی بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە.

نزیکەی 20 ساڵە بۆمبارانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک بەردەوامە، ئەنقەرە دەڵێت ئامانج لەو بۆمبارانکردنە شوێن و پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەڵام بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ٣٣ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە، سەرەڕای بوونی زیانی ماددی گەورە.

لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١ دا ئەنقەرە لە زنجیرە چیای گارە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی چوار ڕۆژە ی دەستپێکرد، هەرچەند بە فەرمی کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند، بەڵام پاش ئەوەش ناوبەناو تورکیا بەشێوەی پچڕ پچڕ لە بۆمبارانی ناوچەکە بەردەوام بوو.