ئازادی ڕادەربڕین لە دادگەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە

دوای ئەوەی لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا  هێزەکانی ئاسایش لە کوردستانی عێراق، لە چوارچێوە هەڵمەتێکی ڕێکخراویدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکانی ئەو کاتی کە لە پارێزگای دهۆک دروست بوو ، هەریەک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان شێروان شێروانی، گۆهدار زێباری، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید عومەر ، شێروان عیسا ناسراو بە “ڕۆژنامەنووسانی بادینان” یان دەستگیر کرد. کە لەو کاتەدا ڕۆژنامەنووسان ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد و بەشداربوون لە ئاشکراکردنی فایلی گەندەڵیی حکومەت.

لە 16 ی شوباتی 2021 دا پێنج ڕۆژنامەنوسەکەی بادینان بە پێی مادەی 1 لە یاسای ژمارە 21 ی ساڵی 2003 تۆمەتبار کران بە ئەنجامدانی چالاکی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی، هەروەها بە تۆمەتی سیخوڕی کردن و دزەپێکردنی زانیاری لە ناوخۆی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی دیکە ، بە شەش ساڵ زیندانی کردن سزا دران .

پاش ڕۆژێک لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە 4 ی ئایاردا ، دادگەی تێهەڵچونەوەی هەولێر دوا بڕیاری خۆی ڕاگەیاند ئەویش پەسەندکردنی حوکمی ڕۆژنامەنوسانی بادینان بوو . دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر لە پێنج دادوەر پێکهاتووە، دووانیان حوکمەکانی ڕەتکردەوە، کە ڕەنگە ئەمە وەک ئاماژەیەک بێت کە حوکمدانەکە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوە بووبێت. ئەمەش بووە هۆی بێزارییەکی بەرچاو لە یاساناسان و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران و چالاکوانان و نووسەران و دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر بەو بڕیارە، چونکە ئەوەی ڕوویدا زەنگێکی مەترسیدارە و جێگەی نیگەرانییە بەرامبەر بە ئازادیی ڕادەربڕین لە دوای بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ دەرکردنی بڕیاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا.

بە ووتەی ئەو کەسانەی ئامادەی یەکەم دانیشتنی دادگاییەکە بوون، دادگە بەڵگەی ڕوون و پێویستی لەبەردەست نەبووە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ تۆمەتبارەکان ، کە لە گرنگترینیان سیخوڕی و تیرۆرن ئەمەش وەک زوڵمێکی گەورە و هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین تەماشا کرا . پێش دادگاییکردنەکە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی ئەوەی کرد کە دەستگیرکراوەکان ” سیخوڕ ” و تێکدەرن پلان بۆ هێرشی تیرۆریستی دادەنێن دژی ئەو کەسە بیانیانەی کە لە هەرێم کار دەکەن،لەگەڵ ئەنجامدانی کردەوەی ڕفاندن و تیرۆرکردن دا. ئەم لێدوانەی سەرۆک وەزیران ، دەستتێوەردانێکی گەورە بوو لە لێکۆڵینەوەکانی دادگە . سەنتەری میترۆ و شاندی یەکێتی ئەوروپا بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا ئیدانەی بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەیان کرد.

ئەو پێنج تۆمەتبارە نکۆڵی لەو تۆمەتانە دەکەن کە ئاراستەیان کراوە، بە توندی گومانیان لە ڕاستی ئەو لێدوانانە کرد، کە دادگە بە دانپیانان وەسفی کردوون، وە دەڵێن ئەو بەڵگەنامانە لێدوانی تێدایە کە لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە نەوتراون بەڵکو بەزۆرە ملێ بەدەست هێنراون.

کەمپەینی “پارێزەرانی مافی مرۆڤی عێراقی لە ئێستادا بپارێزن!” ئیدانەی بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەکات ،وە داوا دەکات بە گرتنەبەری یەکێک لەم ڕێوشوێنانەی خوارەوە بۆ چاککردنی پێشێلکارییەکان :

• پێویستە سەرۆک بارزانی لێبووردنێکی دەستبەجێ بۆ ڕۆژنامەنووسانی بادینان دەربکات و پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراق ڕابگەیەنێت .

• پێویستە هەموو ئەو باڵیۆزخانە بیانییانەی هەرێمی کوردستانی عێراق کە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی بادینان لە پەیوەندیدا بوون، پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بکەن بۆ خستنەڕووی بەڵگەی تەواو کە هیچ زانیارییەکی هەستیاریان لە لایەن ڕۆژنامەنوسانی بادینانەوە دەست نەکەوتووە، ڕەخنە لە بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە بگرن، بۆ هاندانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دا.