سەرۆک بەرهەم ساڵح : ئەوەی لە هرورێ و باتیڤا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات ، کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە

ڕۆژی پێنج شەممە ٣ ی حوزەیران ، سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح  لە لێدوانێکیدا باسی لە ئاوارەکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەماڵ و حاڵی خۆیان و ە بڕینەوەی دار لە هەندێ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا کرد، وە بە کردەوەیەکی نامرۆڤانە و  تاوانێکی ژینگەیی وەسفی کرد کە بە هیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لێبکرێت. 

 (٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١) ساڵح لە بلۆگێکدا دەڵێت: زیادەڕۆی بۆ سەروەرییەکان و توندوتیژی و ئاوارەکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ماڵەکانیان دا، وە بڕینەوەی داری دارستانەکان لە هرورێ و باتیڤا و ناوچە سنورییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کردەوەیەکی نامرۆڤانەیەو تاوانێکی ژینگەییە و نابێت چاوپۆشی لێبکرێت” 

  

وتیشی: “ئەرکی ئێمەیە هەماهەنگی کرداری لەنێوان دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بکەین بۆ وەستانی زیادەڕۆییەکان وە لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباراندا”. 

وەزیری کشتوکاڵی فیدراڵ لەگەڵ هاوتاکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ، ئیدانەی داربڕین و گواستنەوەی داری دارستانەکانیان کرد لە ناو خاکی عێراق، کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە بە مەبەستی بازرگانی پێوە کردن، هەروەها هەردوو وەزیر داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە دەست وەربدەنە ئەم بابەتە و یارمەتی ڕاگرتنی ” کردەوە نابەرپرسیارەکان ” بدەن.