دەنگی خوێندکارانی ناڕازیی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق

          لە ماوەی دوو هەفتەدا لە 19ی تشرینی دووەمی 2021ەوە تا 9ی کانوونی یەکەمی 2021 هەزاران خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکانی سەرتاسەری کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانییان خوێندکارانی سەرجەم زانکۆکان لە هەموو کوردستان دەنگی خۆیان پێکەوە کۆکردەوە بۆ ئەوەی بەهێزتر و کاریگەرتربێت.

بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لە ساڵی 2014دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بۆوە، لەو کاتەوە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت ڕاگیران، لەوانە یارمەتی دارایی خوێندکاران، لەو کاتەوە خوێندکاران بەبێ پاڵپشتی دارایی بەردەوامن لە خوێندن، لە ئێستادا لەگەڵ نەمانی داعش لە عێراقدا بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان خەریکە دۆخەکان دەگەرێنەوە باری ئاسایی بە بارودۆخی داراییشەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تائێستا هیچ هاوکارییەکی دارایی بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستەبەر نەکردووە، بۆیە خوێندکارەکان پێیان وایە کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی پاڵپشتی داراییان بۆ بگەڕێتەوە لەبەرئەم هۆکارە  خوێندکارانی زانکۆکان لە هەموو کوردستان خۆپیشاندان دەکەن لەگەڵ بوونی چەندین کێشەی دیکە لەوانەش کەمی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکان، لاوازی سیستەمی پەروەردە لە پرۆگرامەکانی زانکۆدا.

لەڕۆژانی سەرەتادا خوێندکاران بە هێمنی خۆپیشاندانیان کرد تا ئەو کاتەی کە هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسک ڕێژ و گوللەی پلاستیکی هێرشیان کردە سەریان، لە ڕۆژانی دواتردا دۆخەکە توندتر بوو و پێکدادانی نێوان خوێندکاران وە هێزەکانی پۆلیس دەستی پێکرد. هێزەکانی پۆلیس دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی چەندین کەس لەناو خۆپیشاندەراندا و شەڕ دژی پۆلیس بکەن بۆ نیشاندانی وێنایەکی ناشرینی خۆپیشاندانە ئاشتەواییەکە لە بری خوێندکاران.

لە ڕۆژی سێهەمدا هێزەکانی پۆلیس بەردەوام بوون لە هێرشکردن بۆ سەر خۆپیشاندەران، بەڵام ژمارەیان دووهێندە زیادی کرد و نەیانهێشت خوێندکاران شەقامی سەرەکی بەردەم زانکۆی سلێمانی بگرن، دوای ئەوە خوێندکاران هەوڵیان دا ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکە بگۆڕن بۆبەردەم پارێزگای سلێمانی، هێزەکانی پۆلیس بە گازی فرمێسک ڕێژ و گوللەی پلاستیکی هێرشیان کردە سەر خوێندکاران، وە خوێندکاران ڕایان کرد و هەندێکی دیکەشیان کاریگەری سەختی گازە فرمێسک ڕێژەکە بەسەریاندا ماوەتەوە.

لە ڕۆژانی داهاتووتردا خوێندکاران دەروازەی سەرەکی زانکۆی سلێمانییان گرت. هێزەکانی پۆلیس تەنانەت گازی فرمێسک ڕێژییان لەناو زانکۆشدا بڵاوکردەوە بۆ وەستاندنی خۆپیشاندانەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی پۆلیس لە لایەن سوپای ناوخۆوە کە هێزی ئاسایشە پشتیوانی دەکران. ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لە بەردەم دەروازەی سەرەکی ناو زانکۆدا بوو کە ئاو بۆ بلاوە پێکردنی خوێندکاران بەکارهات لە دژی خوێندکاران. هێزەکانی پۆلیس ئەم کارەیان دەکرد دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەخوێندکارانی سەرجەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی سلێمانی لەڕۆژی سێیەمدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا (دوای پێکدادانی نێوان خوێندکاران و هێزەکانی پۆلیس لەو ڕۆژەدا سەدان خوێندکار دەستبەسەرکران) پۆلیس ترسی ئەوەی هەبوو ڕووبەڕووی هەمان حاڵەت ببێتەوە، ئەگەر خوێندکارانی زانکۆکانی دیکە بەیەکەوە کۆببنەوە!

زانکۆی سلێمانی نەیتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات، بۆ ماوەی هەفتەیەک خوێندنی ئاسایی لە پۆلەکان ڕاگیراو خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانیان ناردەوە ماڵەوە، ئەمەشیان کرد چونکە زۆربەی ناڕەزاییەکان لەلایەن خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانەوە بوو. دوای ئەو هەفتەیە، خوێندکاران دووبارە دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە. هەرچەندە خوێندکارەکان دابەش بووبوون بەسەر گروپەکاندا، هەندێکیان گەڕانەوە بۆ پۆلەکان بەڵام هەندێکیان تا ڕۆژی 7ی کانوونی یەکەم هێشتا خۆپیشاندانیان دەکرد. هەر لەو ڕۆژەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند کە بەنیازن هاوکارییە داراییەکان دابین بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا بە فەرمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە یارمەتی دارایی دەستەبەر دەکرێت لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەم (ساڵی نوێی 2022) دا. لە ئێستادا زۆربەی خوێندکاران گەڕاونەتەوە بۆ پۆلەکانیان چونکە سەرۆکی بەشەکان قایلیان کردن بە دانانی چەند تاقیکردنەوەیەک خوێندکاران بگەڕێنەوە بۆ پۆلەکان لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زیاتر لە سەدان خوێندکار لە خۆپیشانداندانن بەهۆی ئەو زانیاریانەی کە بە تەواوی ڕوون نییە سەبارەت بە هاوکارییە داراییەکان بەواتایەکی تر وەک خوێندکاران دەڵێن ئێمە بڕوامان بەحکومەت نییە دەترسین ئەگەر ئەمە پلانێک بێت بۆ گەڕانەوەمان بۆ پۆلەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ. لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا هێزەکانی پۆلیس و سیخوڕەکانیان لە دەستگیرکردنی خوێندکارە بێتاوانەکان نەوەستان.

هەتا بەرواری9 ی  کانونی یەکەم  خوێندکاران دەڵێن ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ پۆلەکان و چاوەڕێ دەکەین بزانین ئایا حکومەت وەک بەڵێنمان پێدراوە یارمەتی دارایی دابین دەکات، ئەمە کۆتایی خۆپیشاندانەکانمان نابێت بەڵکو وەستانێکی بچووکە، وە قوتابیان لە 12ی کانوونی یەکەم، گەڕانەوە بۆ دەست پێکردنەوە بە وانەکانیان.