بەهۆی بۆمبارانی بەردەوام زیانێکی زۆر بە ژینگەی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق گەیشتووە

بەهۆی بۆمبارانی دەیان ساڵەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە لایەن هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیاوە، وە شەڕو پێکدادانی بەردەوامی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان)پەکەکە) لە ناو خاکی هەرێمدا، وە بۆمبارانکردنی بەردەوامی ناوچە سنورییەکان لە لایەن تورکیاوە بە بیانوی گەریلاکانی پەکەکە. کە هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ زیان گەیاندن بە ناوچەکە لەگەڵ زیانی گیانی دا زیانی مادیی گەورەشی لێکەوتۆتەوە، سەرەڕای بۆتە هۆکاری سوتانی بەشێکی زۆری دار و درەخت و پاوانی گوندەکانی سەر سنورو پیس بونی کەش و هەوای ناوچەکە، سوتاندنی ئەو شوێنانەش دەبێتە هۆکار بۆ لەناوبردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و لەناوبردنی درەخت و سەوزایی لەو ناوچانەدا.

عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاق رایگەیاند، لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە زیانێکی زۆر بە ژینگە و پوش و پاوانی هەرێم گەیشتووە کە بە نزیکەی ملیۆنێک و 30 هەزار دۆنم دارستانی هەرێمی کوردستان سووتاوە. کە بە پێی یاسایی ژمارە 10ی ساڵی 2012 دارستانەکان لە هەرێمدا سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵن.

هەروەها سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئێمە وەکو دەستەی ژینگە دەستەیەکی چاودێریین. بنیاتنانی هەر پرۆژەیەک بە کۆمەڵێک هەنگاودا تێدەپەڕێت، دوا هەنگاو وەک دەستەی ژینگە ئێمە ڕەزامەندی لەسەر دەدەین بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. کە بۆ پرۆژە بچووکەکان پێویستە ڕێژەی سەوزایی لە 10٪ بێت و بۆ پرۆژە گەورەکان 25٪ بێت، کە ئەم ڕێژەیە بە پێی کاریگەری پرۆژەکە لەسەر پیس کردنی ژینگە دیاری دەکرێت نەوەک ڕووبەرەکەی.”  

لە ئێستادا لە عێڕاق وهەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی نیشتەجێبوون هەیە، وە بە دەیان پرۆژەی دیکەش لە بواری جێ بەجێ کردندان. کە بەشێکی زۆری ئەم پرۆژانە رووبەری سەوزاییان زۆر کەمترە لەوەی کە لە نەخشەکەیاندا بۆیان دانراوە. کە بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ رووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستاندا 12.4٪ە. کە بۆمبارانەکان بە شێوەیەکی بەردەوام ئەم ڕێژەیە دادەبەزێنێت و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لە سەر ژینگەی ناوچەکە بە جێدەهێڵێت.

 پارێزگای دهۆک بە پێی لێکۆڵینەوەکانی کۆمەڵەی ناسا بە خراپترین ناوچە دادەنرێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی دۆخی ژینگەییەوە،لەگەڵ بۆمبارانی چڕی ناوچەکە و کەم بوونەوەی ڕێژەی سەوزایی، ژمارەی پاڵاوگە نەوتییەکانیش زۆر بووە لە پارێزگاکەدا کە ئەمە زیانی زۆری بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە دەگەیەنێت.

بۆ پاراستنی ژینگەی ناوچە سنورییەکان، کەمپینی وەستاندنی بۆمبارانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کۆمەڵێک ڕاسپاردە پێشکەش دەکات کەئەوانیش:

  • بەگەڕخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەكانی عێڕاق و هەرێمی کوردستان بۆ ئاگاداركردنەوەی هەردوو دەوڵەتی توركی و ئێرانی سەبارەت بەو پڕۆتۆكۆڵ و پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکان کە چوونە ناو خاکی وڵاتێکی دیکە ئاسمانی بێت یان ووشکانی كارێكی نائاسایی و نایاساییە.
  • هەوڵدانی هەریەک لە وەزارەتەكانی ژینگە و تەندروستی و كشتوكاڵ بۆ بیرخستنەوەی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا سەبارەت بە ئەركەكانیان بۆ پاراستنی ژینگەی ناوخۆیی و جیهانی بەپێی ئەو رێكەوتننامە نێودەوڵەتیانەی كە خۆیان واژۆیان كردووە.
  • بەدەنگەوە هاتنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی وچالاكوانانی مافەکانی مرۆڤ و ژینگە پارێزان بۆئەوەی ڕۆڵی چالاکیان هەبێت لە خستنە ڕووی خراپی دۆخی ژینگەیی ناوچە سەر سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق.
  • بەدەنگەوە هاتنی بەرنامەی پاراستنی ژینگەی(UNEP) لە نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بەو زیانە ژینگەییانەی كە بەهۆی بۆمبارانی دەیان ساڵەوە بەر خاك و ئاوی هەرێم و عێراق گەیشتووە.
  • خۆ ئامادەكردنی باشتری دەزگاكانی بەرگری شارستانی لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێی دابینکردنی ئامێر و دەزگای نوێ و تەكنەلۆژیای سەردەم بۆ خێرا كۆنترۆڵ كردنی ئەو ئاگركەوتنەوانەی دوای بۆمبارانەکان بەر ئەو ناوچانە دەکەوێت، بە مەبەستی كەمكردنەوەی زیانە ژینگەیی و ئابووری و كشتو كاڵییەكان.