هەڵبژاردنەکانی عێراق 2021: ئەرکی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکان بڵاو دەکاتەوە

هەولێر- دوابەدوای چاودێریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، دەستەی چاودێری هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا بە زووی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە باس لە هەڵسەنگاندنی گشتیی خۆی بۆ پرۆسەکە دەکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، ڤیولا ڤۆن کرامۆن، سەرپەرشتیاری گشتی یەکێتی ئەوروپا و دۆمینێک ڕویز دێڤسا، نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا ئەنجامە سەرەتاییەکانی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقیان خستەڕوو.

ڕاپۆرتەکە لە کاتێکدا دێت کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە، کە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی بەشداری کردنی دەنگدەران زۆر کەم بۆتەوە.

فۆن کرامۆن ووتی بە پێی ڕاپرسییەکانمان هەڵبژاردنەکان لەڕووی تەکنیکییەوە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچووە تا ڕادەیەکی زۆر ئارام و ڕێکوپێک بووە، سەرەڕای ئەوئاڵنگارییانەی کە پەیوەست بوو بە ئاستی دەرفەتی کاندیدەکان و کۆمەڵێک کێشەی پەیوەندیدار بەلایەنی یاساییەوە.

بە پێی لێدوانی چاودێرانی ئەوروپی لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 100 چاودێریان هەبوو کەلەنزیکەوە چاودێری پرۆسەکەیان کردووە، وە بەردەوام دەبن لە چاودێری کردن تا ئەو کاتەی سەرجەم سکاڵا و تانەکان چارەسەر دەکرێن.

بە پێی لێدوانی چاودێران ئەمە یەکەم جارە ئەرکێکی سەربەخۆ لە لایەن یەکێتی ئەروپاوە بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکانی عێڕاق بنێردرێت، کە ئەمەش لەسەر داوای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوو

ووتیشیان، دوای دوو مانگ، چاودێران ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان بڵاو دەکەنەوە، کە “شیکردنەوەیەکی گشتگیری تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان”ی تێدایە.

ڕویز دێڤێسا، وتیشی:”ڕێژەی کەمی بەشداری نیشانەی ئەوەیە کە متمانە بە سیاسەتی عێراقی کەم دەبێتەوە، بە تایبەتی لە نێوان گەنجەکاندا”.

بەپێی داتای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نزیکەی 9 ملیۆن کەس لە زیاتر لە 25 ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.

هەروەها ڤۆن کرامۆن ئەوەشی خستەڕوو کەکۆمەڵێک سنور هەبووە لەسەر “بەشداری تەواویی ئافرەتان” “خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئاوارەکانی ناوخۆ”لە دەرەوەی پشکە نوێیەکان دا.

جگە لەئەرکی ئەوروپا، بەهەمان شێوە نێردەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) ئەرکی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی گرتۆتە ئەستۆ، کە بەگەورەترین دەستەی ئەرکی هەڵبژاردن دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.